بافڵ تاڵەبانی: ئەو کارەی بە مام جەلال چارەسەر نەكراوە بە ئێمە چارەسەر ناكرێت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری ڕایگەیاند: "چاکسازییەکان لە سلێمانیەوە دەستپێدەکەین و ئەم شارە دەکەینە بەهەشت بۆ سەرجەم چین و توێژەکان".
وەفد دەنێرین بۆ لایەنەکان و هەوڵ دەدەین بە بیر و بۆچوونێکی نوێ بەرنامەی خۆمانیان پێبگەیەنین، بەوهیوایەی پەیامەکەمان بەوشێوەیەی کە ئێمە دەمانەوێت بگاتە شوێنی خۆی و لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندییەکی باشمان هەبێت.
وتیشی: یەكێتی لە بارودۆخێكی ناجێگیردا كۆنگرەیەكی سەركەوتووی تێپەڕاند، ئەمەش شانازییە بۆ یەكێتییەكان، چونكە 16 هەزار كادر بەشداربوون لە داڕشتنی بەرنامەی نوێی یەكێتی بۆ داهاتوو، جگە لەوەی هەر لە كۆنگرەدا هەرسێ ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرژەوەندی باڵا و پشتیوانی پێكهێنرا، كە رۆڵی هەریەكەیان جیایە.
لەبارەی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتیی وتی: "ئەگەر وڵاتێک پێی وابێت بە درۆن دەتوانێت گفتوگۆمان لەگەڵدا بكات، ئەوە ئێمە رەتیدەكەینەوە و پێمان وایە رێگەی دیالۆگ بگیرێتە بەر باشترە، هەروەها ئەگەر وڵاتێك داوای كارێكمان لێ بكات كە بە سەرۆك مام جەلال نەكراوە، بێگومان بەئێمە چارەسەر ناكرێت".
