بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق.
لە دیدارێکدا بەگوێرەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی، دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بەردەوامیی گفتوگۆی لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دووپاتكرایەوە.
لەدرێژەی دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان لایەنەكان كردەوە و رایگەیاند، دۆخەكە پێویستی بە هەوڵی هەمووانە و پێویستە پێكەوە لە خەمی داهاتوو و ژیانی خەڵكەكەماندا بین، هیوادارین هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و هەنگاوەكانیان لەخزمەت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەكاندا بێت.
چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت پرسی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی كوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە رێككەوتنەكان و پاراستنی مافی هەموولایەک لەچوارچێوەی دەستووردا كردەوە.
