بافڵ جەلال تاڵەبانی لهبارهی پێكهێنانی حكومهتی ههرێمهوه: نامانەوێت جارێکیتر هەڵەکانی رابردو دوبارەبکرێنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یهكێتی لهبارهی پێكهێنانی حكومهتی ههرێمهوه ڕایگهیاند، هەڵوێستی ئهوان لەبارەی حکومەتی نوێوە "رونە و نامانەوێت جارێکیتر هەڵەکانی رابردو دوبارەبکرێنەوە، دەبێت حکومەتی داهاتو دادپەروەرانە و دور لە هەمو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات".
بافڵ جەلال تاڵەبانی لهمیانی كۆبونهوهیهكدا لە دەباشان لهگهڵ ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ڕایگهیاند، وڵاتەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەمولایەک کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی لە ناوچەکە بکەن، دەبێت لە سوریای نوێدا مافی هەمولایەک بەتایبەت گەلی کورد پارێزراوبێت و هاوبەشێکی راستەقینەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، ئاماژهی بهوهكرد، "هەڵوێستی ئێمە لەبارەی حکومەتی نوێوە ڕونە و نامانەوێت جارێکیتر هەڵەکانی ڕابردو دوبارەبکرێنەوە، دەبێت حکومەتی داهاتو دادپەروەرانە و دور لە هەمو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات".
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئهوهشی وت، "ئێمە ناکۆکی و لێکترازان بەهەموشێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین، بۆیە هیوادارین هەمو لایەنەکانیتریش بەم نییەتەوە هەنگاوبنێن و پێکەوە هەرێمەکان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بکەین".
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پشتیوانی و هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و رایگەیاند، "یەکخستنەوەی پێشمەرگە پرۆسەیەکی نیشتمانی و چارەنوسسازە، هیوادارین ئاستەنگە حزبییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەکە و هەمومان هێزێکی تۆکمە بۆ کوردستانەکەمان بونیادبنێین.".
