بافڵ جەلال تاڵەبانی یادی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات
لە یادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، “ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵ و شانازییەکی زۆرەوە یادی شکۆی نەتەوە و نیشتمان دەکەینەوە، یادی سەرۆکێک دەکەینەوە کە ژیانی خۆی پێشکەشی نیشتمان کرد و رۆژەکانی تەمەنی لەپێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بەسەربرد”، دڵتەنگین کە كوردستان سەرکردەیەکی خەمخۆر، بەرگریکار، دڵسۆز و بەوەفا و عێراق بونیادنەر و چەترێکی کۆکەرەوەی لەدەستدا، شانازیش دەکەین کە رێبازێکی بۆ بەجێهیشتن کە بۆ هەمیشە چرای رێگە و رێنیشاندەرمان دەبێت لەپێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد و بونیادنانی وڵاتێکدا کە تاکەکانی سەربەرزانە و ئازادانە بژین.
بافڵ تاڵەبانی نوسیویەتی، ئێمە یادی سەرۆک مام جەلال دەکەینەوە، یادی ئەو سەرۆکەی خەمی کوردستانی لە شان گرتبوو و لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی میللەتێکی ستەمدیدەدا خەباتی بێوچانی کرد، خەباتێک کە تاوەکو کۆچیشی کرد بەردەوام و بێبڕانەوە بوو، یادی سەرۆکێک دەکەینەوە کە بونیادنەری عێراقی نوێ و چەتری کۆکەرەوەی ئەو دەنگ و رەنگە جیاوازانە بوو کە تەنیا لە سایەی ئەودا کۆدەبوونەوە.
ئەمڕۆ سوێند و بەڵێنی هەمیشەییمان بۆ سەرۆک مام جەلال دووپات دەکەینەوە کە وەک چۆن لە رابردوودا درێژەمان بە رێبازەکەی داوە، لەداهاتووشدا بە سوودوەرگرتن لە سیاسەتی حەکیمانە و شوێن پێی ئەودا هەنگاوبنێین و لەپێناو سەرفرازیی کورد، فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی و دیموکراسی، کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و یەکخستنی هەوڵەکاندا درێژە بە خەباتی خۆمان بدەین و مێژوویەک بنووسینەوە کە رۆحی سەرۆک مام جەلال شاد بکەین و ئەو شانازییە بە خۆمان رەوا ببینین کە هەڵگری ئەو سیاسەتە تەندروست و حەکیمانەیە بین.
