بڕیارە سبەی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بودجەی گشتی ساڵانەی عێراق بدات
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی دانیشتنی ئاسایی ژمارە 27ـی پەرلەمانی بۆ سبهی دووشەممە بڵاوكردەوە، بەگوێرەی خشتەكە سبهی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024)، دانیشتنی پەرلەمان تەنیا بۆ یەک مەبەست دەبێت ئەویش دەنگدان دەبێت لەسەر یاسای بودجەی یاڵی 2024ـی عێراق.
لەلایەکی ترەوە، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: دوای گەیشتنی خشتەکانی بوودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی گفتووگۆی لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر ئامادە بکەن و دواتر بێتە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەم ڕۆژانە ئامادەبێت بۆ دەنگدان.
وتیشی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان باش ئامادەکردووە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی کورد بکەین و بتوانین مافەکانی کورد تێیدا جێگیر بکرێت، بۆیە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەین بەتایبەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی مانگانە لەکاتی خۆی بدرێت.
