حەلبووسی: دادگای باڵای فیدراڵی دەستور پێشێل دەکات
محەممەد حەلبووسی دەڵێت، ئەرکی دادگەی باڵای فیدراڵی پاراستنی دەستوورە، بەڵام خۆی ئەوەی پێشێل کردووە. دەشڵێت، دادگەی فیدراڵی ناتوانێت ئەندامێتیی هیچ کەسێک لە پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ مادەی 52.
محەممەد حەلبووسی لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی قسەی کرد و رایگەیاند، ئەرکەکانی دادگا بریتین لە چاودێریکردنی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و پاراستنی دەقەکانی دەستوور، هەروەها یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.
حەلبووسی وتیشی، ئەو بابەتە پەیوەست نییە بە محەممەد حەلبووسی، بەڵکو پەیوەستە بە دەسەڵاتی یاسادانان. دەشڵێت، هیچ پەرلەمانتارێک بۆی نییە تانە پێشکێشی دادگەی فیدراڵی بکات بەبێ ئەوەی پێشتر داواکەی پێشکێشی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی رایگەیاند:بەپێی ماددەی 49 لە دەستوور و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دادگا یاسایی نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی هەموو لایەنێک پابەندی دەستوور بن".
وتیشی: "بەگوێرەی دەستوور و یاسایی هەڵبژاردن، تەنها سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، هەروەها تەنها دادگای دادوەری بۆی هەیە لەسەر تاوانە جیاوازەکان بڕیار لە سەر پەرلەمانتار دەربکەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "تەنها بەپێی ماددەی 52ی دەستوور، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی هەیە بەدواداچوون بکات، ئەویش لە سەر راست و دروستی ئەندامێتی پەرلەمانتار".
محەممەد حەلبووسی، وتی: "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەیس دلێمیش هەڵەیە، چونکە لە دەسەڵاتی ئەوان نییە".
دەڵێت: "ئەگەر یاسا سەروەر نەبێت کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی نادیار دەچێت".
لە درێژەی قسەکانیدا، حەلبووسی وتی: "سکاڵاکەی پەرلەمانتار باسم خەشان لەبارەی پاڵپشتی کردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە "لەژێرەوە سەر بە ئیسرائیلن"هەمووی ناڕاستە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، دادگای فیدراڵی بە مەبەست سکاڵاکەی باسم خەشان و لەیس دلێمی تێکەڵ کردووە".
حەلبووسی وتیشی: "سکاڵاکەی پەرلەمانتار باسم خەشان لەبارەی پاڵپشتی کردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە "لەژێرەوە سەر بە ئیسرائیلن"هەمووی ناڕاستە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، دادگای فیدراڵی بە مەبەست سکاڵاکەی باسم خەشان و لەیس دلێمی تێکەڵ کردووە، دادگای فیدراڵی تەنها بۆی هەبوو بڕیار بدات، کە دەسلەکارکێشانەوەی لەیس دلێمی راستە یاخود نا؟".
محەممەد حەلبووسی، دەڵێت: "بۆ خزمەتکردن هاتوومەتە ناو سیاسەت و بەردەوامیش دەبم".
جێی ئاماژەیە دوێنی سێشەممە دادگای فیدڕاڵی بریاری دا بەدورخستنەوەی محەمەد رێکان حەلبووسی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران بە بڕیارێک کە جێگای تانە نیە.
