خەزعەلی داوای لێکۆڵینەوەیەکی پیشەیی و گشتگیر لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر دەکات
شێخ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی کردەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی پیشەیی و گشتگیر دەربارەی بەئامانجگرتنی کێڵگەی کۆرمۆر.
خەزعەلی لەڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: سەرکۆنەی ئەو بەئامانجگرتنە دەکەین کە دواجار کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و ڕوونیشیکردەوە کە ئەم دەستدرێژییە تەنها پێگەیەکی ئابووری ناگرێتەوە، بەڵکو زیان بە توانای دەوڵەت دەگەیەنێت لە پاراستنی سامانەکانی گەلەکەی.
جەختیشی کردەوە لە پێویستی کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی پیشەیی و گشتگیر کە سروشتی هێرشەکە و ئەو لایەنانەی لەپشتییەوەن ئاشکرا بکات، و ئەنجامەکان بخاتە بەردەم ڕای گشتی، چونکە پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان بەدی نایەت مەگەر بە لێپرسینەوە لە بکەران بەبێ هیچ چاوپۆشییەک.
هەروەها وتیشی: دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە پێویستیی عێراق دەردەخات بۆ هەبوونی بڕیاری سەروەریی تەواو لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی کێڵگە و دامەزراوەکان بەدوور لە هەر دەستێوەردانێک، چونکە سامانی نیشتمانی جێگەی سەودا پێکردن و کارتی ململانێ نییە.
