ساڵح موسلیم: سەرکردەکانی پەکەکە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەك دانان جێبەجێ ناکەن
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ڕایگەیاند، سەرکردەکانی پەکەکە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەك دانان جێبەجێ ناکەن، بەبێ دیراسەكردن و لێكۆڵینەوەیەكی ورد، دەشڵێت، "ئەگەر هۆکارەکانی هەڵگرتنی چەک نەمان ئەوا دایدەنێین، بەڵام هێشتا پێویستمان بە چەک هەیە".
ساڵح موسلیم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێكدا لەبارەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندارنیكراوی پەكەكە لە بارەی چەكدانانەوە ڕایگەیاند، "سەرکردەکانی پەکەکە بانگەوازەکەی ئۆجەلان جێبەجێ ناکەن، بەبێ دیراسەكردن و لێكۆڵینەوەیەكی ورد لە ئەنجامەكانی. هەروەها دەبێت چاوەڕێی بڕیاری کۆنگرەی پەكەكە بكەن بۆ ئەو مەبەستە".
ئاماژە بەوەشكرد، "ئەگەر ڕێگەمان پێبدرێت کاری سیاسی بکەین، پێویست بە چەک ناکات، ئەگەر هۆکارەکانی هەڵگرتنی چەک نەمان ئەوا دایدەنێین. بەڵام ئێمە هێشتا پێویستمان بە چەک هەڵگرتن هەیە، لەگەڵ دوبارەبونەوەی هێرشەکانی تورکیا".
