سودانی: تاڵەبانی بە بوێری و باوەڕ و ئارامییەوە ڕووبەڕووی بەعسی سەدام بووەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەحەممەد شەیاع سودانى ئامادەی ڕێوڕەسمێکی يادكردنەوەی شەشەمین ساڵیادی ژیان ئاوایی سەرۆکی پێشوی کۆماری عێراق جەلال تالەبانی بوو.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانى ئەمڕۆ سێشەممە بەشداری لە ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە کرد کە لە بەغدای پایتەخت لە لایەن دەزگای تاڵەبانییەوە بەڕێوەچوو، بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆکی پێشووترەوە جەلال تاڵەبانی.
سودانی لەم بۆنەیەدا وتارێکی پێشکەش کرد، کە تیایدا یادی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی و خەباتی لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆر و ڕۆڵی لە دانانی بناغەی عێراقی نوێ کردەوە لەگەڵ هەڵوێستی نەتەوەیی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و چاندنی زمانی وتوێژ لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق.
سودانی لە وتارەکەیدا وتی: کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی شەڕی دیکتاتۆری کرد و بە بوێری و باوەڕ و ئارامییەوە ڕووبەڕووی بەعسی سەدام بووەوە و ژیانی خۆی بۆ عێراق تەرخان کرد، هەروەها بەشداری کرد لە دانانی بناغەی عێراقێکی نوێی، دەستوری فرەیی و چاندنی زمانی وتوێژی لەنێوان ڕۆڵەکانی عێراقی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
سودانی لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وتی: هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگیانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، دەتوانرێت بە ڕوحی تێپەڕاندن و ئەولەویەتدان بە بەرژەوەندی گەلەکەمان چارەسەر بکرێن، هەروەها هەمیشە داوای وتوێژ دەکەین بۆ بەردەوام بوونی سەقامگیری لە هەرێم، کە ڕەنگدانەوەی سەقامگیری عێراقە.
جەختی کردەوە، کە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتانی تر و هێرشکردنە سەر لە خاکی عێراق ڕەتدەکەینەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: حکومەت باوەڕی بە بنیاتنانی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەیە کە لە بەرژەوەندییە نیشتمانە، لەگەڵ ئەولەویەتەکانی لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و چاکسازی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا.
هەروەها بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سودانی وتی: پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی دەکەین بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی.
