سودانی جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوون بە دەستوورەوە دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوون بە دەستوورەوە دەکات بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدان و چەسپاندنی نەریتی هاووڵاتیبوون و شەفافیەت لە خزمەتی گشتیدا
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە، بەشداریی کرد لە ئاهەنگێک کە لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەچوو بە بۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر دەرچوونی دەستووری ساڵی 1925"ـەوە، بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسە سیاسی و نیشتیمانییەکان.
لە وتارەکەیدا لە میانی مەراسیمەکە، سودانی ئاماژەی بەوەکرد کە یادکردنەوەی سەددەمین ساڵیادی یەکەمین دەستووری دەوڵەتی هاوچەرخی عێراق، وەک دووپاتکردنەوەی ئەو تەحەددایانە دێت کە گەلەکەمان ڕووبەڕووی بووەتەوە لە پێناو بەڕێوەبردنی چارەنووسی خۆی و هەڵبژاردنی ڕێبازی نیشتیمانی، عێراقییەکان لەو تەحەددایانە بەهێز و یەکگرتوو دەرچوون، بەرژەوەندی وڵات کۆی کردنەوە، تا گەیشتە دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005 کە بە ئیرادە و هەڵبژاردەی عێراقییەکان نووسرا.
ئەمانەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە لە ڕێوڕەسمەکە:
? دەستووری ساڵی 1925 نوێنەرایەتی یەکەم هەوڵی پێناسەکردنی واقیعی بوونی گەلەکەمانی کرد، بەو فرەچەشنییەکەی و مێژووەکەی و ئەزموونی درێژخایەنی لەگەڵ داگیرکارییەکان.
? دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005"ـمان وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە، کە هاوڵاتیبوون دووپات دەکاتەوە و بە پێویستییەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگاوە دەبەستێتەوە، لە بنەماکانی دادپەروەری و پاراستنی ئازادییەکان و یەکسانی بەرجەستە بووە.
? هەموومان متمانەمان بە پابەندبوون بە دەستوور هەیە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدان و زاڵبوون بەسەر هەر ناکۆکییەکی سیاسی و درێژەدان بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات.
? شانازی بە دەستوورەکەمانەوە دەکەین، کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی ئەو کەسانە دەکات کە خەون بە بەیاننامەی ژمارە یەک و کودەتای سەربازییەوە دەبینن.
? ئەمڕۆ بەپێی ڕێبازێکی دەستووری بەردەوام دەبین کە بوونی دەوڵەتێکی بەهێز بتەو دەکات، بە هێزە چەکدارە نیشتمانییەکانی و گەشەسەندنی ئابوورییەکەیەوە، هەروەها دیموکراسییەک کە لە سندوقی دەنگدان کۆتایی دێت.
? ئەمڕۆ عێراق لە نەریتی هاوڵاتیبوون و پشتبەستن بە دەسەڵاتی دادوەری و شەفافیەت لە کار و خزمەتی گشتیدا چەسپاوە.
? ئەمڕۆ بەرەو سەدەی دووەمی دەستوور دەڕۆین، کاردەکەین بۆ ئەوەی ببێتە سەدەی هاوڵاتیبوونی ڕاستەقینە و سەروەری یاسا و خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن.
? درود بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی نیشتیمان، کە بە قوربانیدانەکانیان توانیمان بگەینە ئەم ساتەوەختە و شانازی پێوە دەکەین.
