سودانی و بارزانی جەختیانکردەوە لە پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان
ئەمڕۆ شەممە ،سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبەیانامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کۆبوونەوە و لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیە و پرس لەسەر ئاستی نیشتمانی و دیارترین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بەقەیرانەکانی ناوچەکە کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی هاوبەشی و هەماهەنگی لەرووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوکاری و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا سودانی ئاماژەی بەوەکرد، کە حکومەتی عێراق سەرکەوتوو بووە لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە جۆراوجۆرەکان چ ناوخۆیی یان دەرەکی بێت، سەرەڕای ئەو گۆڕانکاری و رووداوانەی کە لەناوچەکەدا روودەدەن بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆ گرتووە، هەروەها جەختی لەسەر هەوڵەکانی کردەوە بۆ پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی و سەقامگیری لە سەرجەم ناوچەکانی وڵاتدا
هەروەها لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی کارکردن کرا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو دۆسیە هاوبەشەکان و لابردنی هەموو ئاستەنگەکان، بەپێی دەستوور و یاسا، بە شێوەیەک کە دادپەروەری و قازانج بۆ هەموو عێراقییەکان بەدەستبهێنێت.
