سودانی و ڕەشید جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی دانوستانە سیاسییەکان دەکەنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆک کۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا كە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووه، ڕایگەیاندووە: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆک کۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی وڵات كرا و هەوڵەکانی هێزە نیشتمانییەکان خرایەڕوو، بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری بە مەبەستی درێژەدان بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە هەموو پارێزگاکان".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ، "لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی پاراستنی وتوێژی نێوان هێزە سیاسییەکان و خێراکردنی تەواوکردنی ئەو شایستە دەستوورییانەی کە ماونەتەوە، بۆ بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە پڕۆسەی سیاسی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی سەقامگیر و گەش بۆ وڵات".
