سودانی وباڵیۆزی تورکیا تاوتوێی پرسە ستراتیژییەکان دەکەن بۆ قوڵکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە
ئەمڕۆ یەکشەممە "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران،جەختی کردەوە، کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەردەوام بەخۆوە دەبینن، لەژێر سایەی ئەو پەرۆشی و گرنگیدانە هاوبەشەی هەیە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری نێوان هەردوو وڵات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ،چاوی کەوت بە "ئەنیل بۆرا ئینان"باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە عێراق.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە: "لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاوازەکاندا، بەجۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت و سوودی هاوبەشی بۆ هەردوو وڵات و گەلە دراوسێکە هەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەردەوام بەخۆوە دەبینن لەژێر سایەی ئەو پەرۆشی و گرنگیدانە هاوبەشەی هەیە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری نێوان هەردوو وڵات، هەروەها لە سایەی ئەو یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنە هاوبەشانەی کۆیان دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەوەی تایبەتە بە چارەسەرکردن و ڕێکخستنی دۆسیەی ئاو و زیادکردنی بەردانەوەی ئاو، کە واژۆکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری لە بواری ئاودا لە نێوان هەردوو وڵات بەخۆیەوە بینی.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران دەربڕی لە بەرامبەر گرنگیدانی بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و جەختیشی کردەوە لە پەرۆشی تورکیا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا.
