سودانی : پێویستە پڕۆژەی هيڵی ئاسنینی بەسرە شەلامچە سەربکەوێت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی،لەمیانی پێشوازیکردنی لە وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارستانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە لەپێویستی سەرکەوتنی پڕۆژەی هيڵی ئاسنینی بەسرە شەلامچە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارستانی کۆماری ئیسلامی ئێران خاتوو فەرزانە سادق و شاندی یاوەری، بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری گواستنەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەت و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران.
وتیشی لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە هاوبەشەکان لە بوارەکانی گواستنەوە و ژێرخان و میکانیزمی پەرەپێدانی هاوکاری لە بواری بەستنەوەی هێڵی ئاسنین و ترانزیت لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژییەوە تاوتوێکرا.
سودانی جەختی لەسەر پێویستی یەکخستنی ئەم پرۆژانە کردەوە، کە ئامانجی سەرەکییان بەستنەوەی ناوچەکەیە بە ئەوروپا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتە جیاجیاکانی جیهان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، کە پێویستە پڕۆژەی هيڵی ئاسنینی بەسرە شەلامچە سەربکەوێت، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای عێراق بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە ئێران و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی لەماوەی زیارەتی چلەدا بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی زیارەتکاران.
لای خۆیەوە خاتوو فەرزانە سادق سڵاوی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندە سودانی، هەروەها سەرسامی خۆی بۆ بەغدادی پایتەخت و هەڵمەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و گەشەپێدان دەربڕی، و ئاماژەی بە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات کرد لە بوارە جیاجیاکاندا.
