سەرۆك وەزیران بانگهێشتنامەیەکی فەرمی وەردەگرێت بۆ سەردانی کردنی تونس
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە پێشوازی کرد لە وەزیری کاروباری دەرەوە و کۆچی تونسییەکان لە دەرەوە نەبیل عەمار و شاندەکەی یاوەری.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە لە سەرەتای دیدارەکەدا، نەبیل عەمار سڵاوی سەرۆکی تونس قەیس سەعید و سەرۆک وەزیرانی تونس ئەحمەد حەشانی گەیاندە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ بانگهێشتنامەیەکی فەرمیدا بۆ سەردانی کردنی تونس.
سەرۆک وەزیران پێشوازی لە سەردانەکەی وەزیرەکەی تونس کرد کە نوێنەرایەتی دەستپێکی چالاککردنی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات و پیرۆزبایی لە 17هەمین خولی لیژنەی هاوبەشی عێراق و تونس کرد کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی بەردەوام لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەدەچێت و تیایدا 18 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ دەکرێت و جەختی لە پێشوازیکردنی عێراق لە کۆمپانیاکانی تونس کردەوە بۆ کارکردن لە بوارە جیاجیاکان و ئاماژەی بە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کرد لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەروەردە و گەشتیاریدا.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە هەڵوێستی بنچینەیی عێراق و تونس کرا سەبارەت بەوەی کە لە خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ڕوودەدات، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە هەرچەندە هەڵوێستی عەرەبی یەکگرتووتر و بەهێزتر بێت ئەو لە مەینەتییەکانی فەڵەستینییەکان کەم دەکاتەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەڵوێستی نێودەوڵەتی ڕوون بێت بەرانبەر بە ئیدانەکردنی تاوانەکانی جینۆسایدکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی کە لە غەززە ڕوودەدات و کارکردن بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕە خوێناوییەی کە ماوەی حەوت مانگە بەردەوامە.
لە لای خۆیەوە،نەبیل عەمار پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێستەکانی عێراق بەرانبەر تونس لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دەربڕی و جەختی لە خواستی حکومەتەکەی کردەوە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتی برا لە هەموو بوارەکاندا.
