سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی سۆماڵ دەکات
دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار ، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لەشاری ریازی پایتەختی سعودیە، پێشوازی لە حەسەن شێخ مەحمود عەلی سەرۆک کۆماری سۆماڵ و شاندی یاوەری کرد. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە،لەپەراوێزی کۆبونەوەکانی لوتکەی هاوبەشی عەرەبی- ئیسلامی بەڕێوەچوو، هەردوو سەرۆک باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی پەرەپێدانی میکانیزمی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی برا کرد. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و یەکخستنی هەڵوێستەکان کرد لەسەر پرسەکانی جێ بایەخی هەردوولا و پێکەوە کارکردن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە و سەرخستنی دەرفەتەکانی ئاشتی. سەبارەت بە دۆخی فەلەستینیش، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی دەستبەجێ راگرتنی دەستدرێژی دژی گەلی فەلەستین لە غەزە کردەوە. هەروەها هەوڵدانی بە پەرۆشی لە هەموو ئاستەکاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و لێکەوتە مرۆییەکانی و پاڵپشتیکردنی فەلەستینییەکان لە بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بە پایتەختەکەیەوە، کە قودسی پیرۆزە، دوپاتکردەوە. لە بەرامبەردا سەرۆکی سۆماڵ خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانی هاریکاریی دووقۆڵی بەشێوەیەک، کە خواستەکانی گەلی عێراق و سۆماڵ بەدیبهێنێت، دەربڕی. شایانی باسە هەریەک لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و ئەندامی پەرلەمان وەسفی عاسی و باڵیۆزی عێراق لە سعودیە، سەفیە سوهێل ئامادەی دیدارەکە بوون.
