سەلاحەدین بەهائەدین: پەیامەكەی ئۆجەلان هەنگاوی یەكەم دەبێت بۆ چارەسەری كێشەی كورد
سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی ڕاگەیاند، پەیامە مێژویەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەكەكە، هەنگاوی یەكەم دەبێت بۆ چارەسەری كێشەی كورد. دەشڵێت، "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەكان لەئاستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و ئەخلاقی و پەیمانی خۆیاندابن".
سەلاحەددین محەمەد بەهائەددین. ئەمشەو لە راگەیەندراوێكدا بە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، ئەمرۆ گەلی كوردستان بەرێزەوە پێشوازی كرد لەپەیامە مێژویەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، پەیامی ئاشتی و هەنگاوی یەكەم دەبێت بۆ چارەسەری كێشەیەكی زیاتر لە 40 ساڵ لە جەنگ و خوێن، پەیامێكی پڕ لە بەرپرسیاریەتی و بایەخ و واقعیەتە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و ئەخلاقی و پەیمانی خۆیاندابن، داواكارم لەخوای دلۆڤان لەم وەرزی هاتنی رەمەزانەدا كۆتایی بە جەنگ و ئاوارەیی و نەفەسی شۆڤێنی لەسەر گەلەكەمان بێت، سەرەتای گەڕانەوەی برایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتەوایی و ماف و داد و سەقامگیری بێت".
سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت، "سڵاو بۆ دەستپێشخەران و پشتیوانانی ئەم پرۆسە گرنگە، قۆناغی نوێ پیرۆز بێت لە هەمو لایەك".
