شاخەوان عەبدوڵڵا: کاتی کشانەوە یان بایکۆت لە بەغدا هاتووە
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: چەند جارێک داوامان کردووە و ئێستاش کاتی کشانەوە یان بایکۆت لە بەغدا هاتووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە و نووسیویەتی" ئەمڕۆ دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ لەگەڵ خوشک و برایانم لە سەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان لەبارەی بڕیاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، بەسوپاسەوە وەکو هەمیشە بەیەک دەنگ کۆمەڵێک بڕیار درا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، نوسراوێکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە دەچێتە خانەی برسی کردنی هاووڵاتییانەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەش کردووە، داوامان کرد ئەو پێشێلکارییانە ڕاگرێت و مووچە ڕەوانە بکات و کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەر بکرێن و چیتر مووچە، وەکو کارتێکی سیاسی بەکار نەهێنرێت لە دژی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
شاخەوان عەبدوڵڵا، دەشڵێت: داوامان لە سەرۆک کۆمار و وەزیرە کوردەکان کردووە هەڵوێستی ڕوونیان لەمبارەوە هەبێت، چەند جارێک داوامان کردووە بڕیاری کشانەوە یان بایکۆتی ئێمە لەبەغدا بدرێت، بەڵام هەمیشە بوار بەگفتوگۆ دراوە و ئومێد وابووە کێشەکان چارەسەر بیت.
شاخەوان عەبدوڵڵا جەخت لەوەدەکاتەوە، "هەرکاتێک بڕیاری بایکۆت یان پاشەکشە یان هەربڕیارێکی دیکە بدرێت، لەماوەی یەک کاتژمێر جێبەجێی دەکەم و پێشم وایە کاتییەتی".
