عێراق ڕێسای چوونە ژوورەوە بۆ زیارەتکارانی ئەربەعین بۆ ئەمساڵ و تێچووی ڤیزا دادەنێت
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێسا فەرمییەکان و تێچووی چوونە ژوورەوەی زیارەتکارانی بیانی کە ئەمساڵ زیارەتی ئەربەعینی ئەنجام دەدەن خستەڕوو و ڕایگەیاند، ڕێکارەکان لە یەکەمی موحەڕەمەوە تا بیستەمی سەفەری ساڵی ١٤٤٧ی کۆچی جێبەجێ دەکرێن.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە، ڤیزەی چوونە ژوورەوە (سەردان - گەشتیاری - ئاسایی) دەدرێت بەو وڵاتانەی کە بڕیارنامەی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و بڕیارنامەی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ دەیانگرێتەوە، لە بەرامبەردا پارەی یاسایی پەسەندکراو لەگەڵ کرێی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی کە ٥ دۆلاری ئەمریکییە، بەبێ وەرگرتنی هیچ پارەیەکی زیادە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "سەردانکەرانی نەتەوەکانی دیکە دەتوانن لە ڕێگەی گروپە گەشتیارییە ڕێکخراوەکانەوە بچنە ناو عێراقەوە، بەمەرجێک ڤیزەی گەشتیارییان پێبدرێت لە بەرامبەر ئەو پارە یاساییەی پەسەندکراوە، ئەمە جگە لە کرێی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی (5 دۆلار) و کرێی دەسەڵاتی گەشتوگوزار تەنها، بەبێ هیچ پارەیەکی زیادە".
وەزارەتەکە پشتڕاستی کردەوە کە: "ئەم ڕێکارانە لە ١ی موحەڕەمەوە تا ٢٠ی سەفەری ١٤٤٧ی کۆچی جێبەجێ دەکرێن، بۆ ئاسانکاری هاتنە ژوورەوەی سەردانکەران و دڵنیابوون لە ڕێکخستنی سەردانی ملیۆن کەسی لە چوارچێوەی یاسایی و فەرمیدا".
