لاهور تاڵەبانی یادی تیرۆری هاوکار جاف دەکاتەوە "تائێستا بکەرانی ئەم تاوانە سزایان وەرنەگرتوە"
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل یادی تیرۆرکردنی عەقیدە هاوکار جاف دەکاتەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، ئەمرۆ ساڵرۆژی تیرۆری سەرکردەی جوانەمەرگ عەقید هاوکار جافە، ساڵرۆژی ئەو تاوانە گەورەیەیە کە بەرامبەر یەکێک لە جەنگاوەرە ئازاکانی شەڕی داعش کراو و تیرۆرستانە و ترسنۆکانە بە بەرچاوی خێزانەکەیەوە، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە دڕندانەترین شێوە تیرۆرکرا.
هەروەها نوسیویەتیش، بەداخەوە وەک زۆر تاوانی دیکە هەتا ئێستا بکەرانی ئەم تاوانە قێزەونە نامرۆڤانەیە سزای یاسایی خۆیان وەرنەگرتوە و دەستگیر نەکراون، هەتا ئیستا و پاش تێپەڕبونی دوو ساڵ بەسەر تاوانەکەدا دەستی حزب درێژتر بوە لەدەستی یاسا و لە تاوانی لەمجۆرەدا رون و ئاشکرا دەردەکەوێت کە یاسا سەرەوەری تەنها دروشمی حزبە دەسەڵاتدارەکانە و هیچیتر.
بەڕاشکاوییەوە دەڵێم ئەم غەدری تیرۆرە بێ تۆڵە و سزا هەرگیز داناخرێت، ئەم خوێنە بەناحەق ڕژاوە رۆژێک دێت کە وەردەگیرێتەوە و بکەرانی ئەو تاوانە راپێچی زیندان دەکرێن و سزای شایستەی خۆیان وەردەگرن، 20ی ئۆکتۆبەر، رۆژی حەق و حیسابە لەگەڵ بکوژانی عەقید هاوکار جاف، ئاسودەبە پشتیوان بە خوای گەورە حوکمی گەل بەڕێوەیە، لاهور تاڵەبانی وا دەڵێت.
زانیاری زیاتر...
ڕۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2022 لە شاری هەولێر، لە ڕێگەی بۆمبی لکێنراوەوە بە ئۆتۆمبێلەکەی، عەقید هاوکار جاف کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی خێزانەکەشی برینداربوون.
هاوکار جاف، عەقیدێکی دەزگای دژە تیرۆری سلێمانی بوو و دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، دان پێدانان و گرتەی ڤیدیۆیی چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتییان بڵاوکردەوە، گوایە ئەوان لە پشت ڕووداوی "تیرۆر"کردنی عەقید هاوکار جافن، بەڵام دواتر دەزگای دژە تیرۆری یەکێتیی لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەرگری لە ئەفسەرەکانی کرد و گرتە ڤیدۆییە بڵاوکراوەکانی بە سیناریۆ ناوبرد.
