مەشهەدانی بۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپات دەکاتەوە: مافی ئاوییەکانی عێراق هێڵی سوورە
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات و لەگەڵیدا باس لە مافەکانی ئاوی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،دکتۆر مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا بەڕێز هاکان فیدان و وەفدی یاوەری کرد، بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان بەڕێز زیاد جەنابی.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە مێژوویی و دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا تاوتوێکران، هەروەها ڕێگاکانی پتەوکردنی هاریکاریی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە پێناو پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست.
هەروەها هاتووە مەشهەدانی دووپاتیکردەوە کە عێراق ئێستا بە متمانەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی بیناسازی و گەشەپێدان و سەروەری نیشتمانیی پتەوی چەسپاو دەڕوات، داوای دروستکردنی هاوبەشییەکی ستراتیژی هاوسەنگ دەکات کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئابووریدا بێت، بەتایبەتی بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و پڕۆژە گرنگە گەورەکانی ناوخۆی عێراق.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی ئاو کرا، سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە عێراق دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ئاوی نابێت. داوای کرد گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەبێت بۆ دەستەبەرکردنی پشکی زیاتری ئاو و بەدیهێنانی بەڕێوەبردنی دادپەروەرانە و بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاوی هاوبەش، بەمەش سەقامگیری ناوچەکە پتەوتر بکرێت و هاریکاری نێوان بەغدا و ئەنقەرە قووڵتر بکرێتەوە.
