مەندەلاوی داوا لە براوەکانی هەڵبژاردن دەکات بەڵێنەکانیان بۆ هاوڵاتیان جێبەجێ بکەن
موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، ئەمڕۆ یەکشەممە جەختیکردەوە لە پێویستی پابەندبوونی لیستە براوەکان و کاندیدەکان بە بەڵێنەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ هاووڵاتیان، لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە لە ئاست خواستەکانی گەلدا بێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەندەلاوی لە بەیاننامەیەکدا کە بە “موتەڵع” گەیشتووە ڕایگەیاندووە، “موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، لە میانی دیدارەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ محەمەد باوی سەرۆکی حیزبی ئاراک، پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ڕێڕەوی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە نیشتمانییەکان دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025 تاوتوێکرد”.
بەگوێرەی بەیاننامەکە،مەندەلاوی جەختی لەوە کردووەتەوە کە “ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، پێویستی بە هاوکاریی بنیاتنەر و ماندووبوونی زیاترە لەنێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکاندا، بەمەبەستی بەهێزکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی”، بەپێویستی زانی لیستە براوەکان و کاندیدەکان پابەندبن بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنەکانیان بۆ هاووڵاتیان، بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەهێز کە توانای جێبەجێکردنی خواستەکانی گەل و بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتووی هەبێت لەگەڵ هەمووان بەلێهاتوویی و دڵسۆزی”.
