وەزارەتی دارایی عێراق و دەزگایەکی هاوکاری ژاپۆن رێکەوتنیان واژوو کرد
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دەزگای هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن (JICA) لە عێراق رێکەوتنێکیان بۆ وەرگرتنی قەرزی دارایی بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار واژۆکردووە. دەشڵێت، " ئەو قەرزەی وەردەگیرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە سەماوە تەرخان دەکرێت".
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە پڕۆژەکەدا وێستگەیەکی پاککردنەوەی ئاو لە سەماوە لە پارێزگای موسەنا دادەمەزرێنن کە دەبێتە یەکەم وێستگە لە ناوچەکەدا و کەرتێکی تایبەت دەبێت بە پاڵاوتنی ئاو و جیاکردنەوەی ئەو خوێیەی لە ئاوەکەدایە.
وتیشی، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بڕی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگاکە زیاد دەکات و ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی بڕی ئاوی پێویست بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە لە چوارچێوەی هەوڵە و پلانەکانی حکومەتی عێراقە بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بەشێوەی قەرز بۆ پڕۆژە وەبەرهێنانە ئابوورییەکان و درێژەدان بە هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ژاپۆن.
لایخۆشییەوە، یۆنێدا جین نوێنەری دەزگا ژاپۆنییەکە ئاماژەی بەوەکرد، پالپشتیکردنی دارایی پڕۆژەکە هۆکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییە ژینگەییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە پارێزگاکەدا.
