وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بەدواداچوونی ورد لە رووداوی کوژرانی هاوڵاتی حەیدەر زاملی دەکەین
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "ئێمە لە رێگەی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە دیمەشق، بەدواداچوون بۆ رووداوی کوشتنی هاوڵاتییەکی عێراقی بەناوی حەیدەر زاملی دەکەین لە سوریا."
وەزارەتەکە لەبەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە بەوردی گرنگی بەو رووداوە دەدات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی سوریا کاردەکات بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و دڵنیابوون لە بەدیهێنانی دادپەروەری.
ئەوەشی خستەڕوو، "باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق بەردەوامە لە پەیوەندییە چڕەکانی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی سوریا بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هیچ پاڵنەرێک هەبووە یان نا، هەروەها بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ راستی و وردەکارییەکانی رووداوەکە، لەوانەش کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە دادوەرییە پێویستەکان".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزارەتەکە دووپاتی کردووەتەوە "پابەندبوونی حکومەتی کۆماری عێراق بە پاراستنی مافەکانی هاوڵاتیانی عێراقی لە دەرەوەی وڵات و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و مافەکانیان لە هەموو هەلومەرجێکدا".
