پارتی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات
مەکتەبی سیاسیی پارتی لە 49یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی، جەخت لە ھەماھەنگی و تەبایی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسە ھەنووکەییە چارەنووسسازەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانی گەل دەکاتەوە.
ئەمرۆ شەممە (1ـی حوزەیرانی 2024)، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 49یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی کرد.
لە پەیامەکەدا هاتووە: بە بۆنەی 49یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین و ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی کردووەتەوە لە ھەماھەنگی، تەبایی و ھاوخەباتیمان شانبەشانی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسە ھەنووکەییە چارەنووسسازەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و داکۆکیکردن لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و بەھێزکردنی دامەزراوەکانی.
لە 22ـی ئایاری ساڵی 1975 لە سوریا، یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و پڕۆژەی دروستکردنی یەکێتی گەڵاڵە کرا، کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتیی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی کرا و لە ڕۆژی 1ـی حوزەیرانی ساڵی 2024 بەفەرمی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندرا.
