پۆلیسی سلێمانی ئاسنگەرێکی دەستگیرکردوە کە گومان دەکرێت بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەکەی دارەسووتاوەکە
پۆلیسی سلێمانی ئاسنگەرێکی دەستگیرکردوە کە گومان دەکرێت بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەکەی سلێمانی.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند "شەوی رابردوو هێزەکانمان بەفەرمانی دادوەر ئاسنگەرێکیان دەستگیرکردووە کە کاری لەحیمی کردووە، بەڵام گوتوویەتی تاوەکو کاژێر ١٢ کارمکردووە، بەڵام بە بڕیاری دادوەر هێشتا ئازادنەکراوە."
ئاماژەی بەئەوەشدا، "ئاگرەکە بەرەبەیان کەوتووەتەوە، بەڵام ئەو ئاسنگەرە تەنیا گومانلێکراوە و بە وتەی خۆی لەکاتژمێر ١٢ەوە بازاڕەکەی جێهێشتووە و کارەبا و هەموو شتێکی کوژاندووەتەوە."
سەرکەوت ئەحمەد وتیشی"دیمەنی هەموو کامێرا چاودێرییەکانیان کۆکردووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە".
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی نیسان ئاگرێکی گەورە لە بازاری دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و تێیدا زیاتر لە ١٥٠ دووکانی هاوڵاتیان ئاگری کرد و خاوەن دووکانەکان دەڵێن نزیکەی ملیۆنێک دۆلار زیانیان بەرکەوتوە
