پەرلەمان کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە
پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممەی بڵاو کردەوە و تێیدا، دەنگدان لەسەر چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسایەکی دیکە.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان رایگەیاند:- بڕگەی یەکەم تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای رێکخستنی بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و پێدانی مافی دەرچوانی کشتوکاڵی و ڤێرتێرنەری.
لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەدا، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتنامەی لێخۆشبوونی هاوبەش لە مەرجەکانی ڤیزای نێوان عێراق و کۆریای باشوور.
بڕگەی سێیەمی دانیشتنەکەش تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی هەموارکردنی مادەکانی ئەلف\٥٠ و ٥٦ـی رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی فڕۆکەوانی مەدەنی.
لە بڕگەی چوارەمی دانیشتنەکەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پاراستنی خاوەندارێتی رۆشنبیری و هزری دەکرێت.

