چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبوونی تەواوی خۆی بەرێزگرتن لە وادە دەستوورییەکان دووپاتدەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی، پابەندبوونی تەواوی بە وادە دەستوورییەكان و شایستەكانی داهاتوو دووپاتكردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەكە لە بەیاننامەیەكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووه، دەڵێت: سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی گەلی عێراق دەكەین كە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا كرد، و جەختیشیكردەوە: ئەم ئامادەبوونە هۆشیار و بەرپرسانەیە ئیرادەی نیشتمانیی ئازاد و پەرۆشی عێراقییەكان بۆ چەسپاندنی ڕێڕەوی دیموكراسی و پاراستنی یەكێتی دەوڵەت و سەقامگیرییەكەی دەردەخات.
هاوكات چوارچێوەكە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و هەروەها هێزە ئەمنییەكان بە سەرجەم جۆرەكانیانەوە كە ڕۆڵێكی نیشتمانیی شەرەفمەندانەیان لە پاراستنی ناوەندەكانی هەڵبژاردن و دابینكردنی كەشێكی ئارام بۆ دەنگدەران گێڕا، و هەروەك بۆ هۆكارەكانی راگەیاندن و ڕێكخراوەكانی چاودێریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كە لە بەهێزكردنی شەفافیەت و متمانەی هاوڵاتیان بە هەڵبژاردنەكاندا بەشدار بوون.
هەروەها جەختی لە پابەندبوونی خۆی كردەوە، بە ڕێزگرتن لە وادە دەستوورییەكان و شایستەكانی داهاتوو و كاری جدی بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە ئیرادەی گەل دەرببڕێت و وەڵامی چاوەڕوانییەكانیان بۆ چاكسازی و خزمەتگوزاری و سەقامگیری بداتەوە، بە شێوەیەك كە متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت بەهێز بكات و ئەزموونی دیموكراسی لە عێراقدا بپارێزێت.
