120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی (ئەیلول/9) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی (ئەیلول/9) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، بەوەش چاوەڕوان دەكرێت لە هەفتەی داهاتودا موچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێم بێت و دەست بە دابەشكردنی بكرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی (ئەیلول/9) ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ڕاگەیەندراوێكی دوێنی وەزارەتەكە هات كە ڕایگەیاندبو، ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی خەرجی و داهاتەکانی کوردستان بۆ مانگی (ئەیلول/9) ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە و بەدوایدا 120 ملیار دینارەكە بە شێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی (ئەیلول/9) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، ناردنی موچە پەیوەستە بە ڕادەستكردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، كە لە ئێستادا هەردو مەرجەكە جێبەجێكراوە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوێنی ڕایگەیاند كە هیچ كێشەیەك بۆ ناردنی موچە نیە. هاوكات تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دوێنی وتی، "هەفتەی داهاتو موچەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەین".
