ئاسایشی سلێمانی،: دەستگیرکردنی دو تۆمەتباری فرۆشتن و ساغکردنەوەی بیستۆک
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دەستگیرکردنی دو تۆمەتباری ڕاگەیاند، كە بەنیازی فرۆشتن و ساغکردنەوەی بیستۆک (سەماعەی قۆپیکردن) بون. دەشڵێت، "دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بەردەوام لە كاركردن بۆ کەشێکی ئارام بەمەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەڕۆژی 18ـی ئەم مانگە، ئاسایش هەوڵێکی فرۆشتنی سەماعەی قوپیکردنی بەشێوازی فرۆشتنی ئۆنلاین شکستپێهێنا و دو تۆمەتباری دەستگیركرد کە بەنیازبون ئامێرەکانیان ساغبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بۆ ڕێگریکردن لەهەر هەوڵێکی مامەڵەکردن بە (ئامێرەکانی قۆپیەکردن و پرسیاری ئەزمونەکان)، بە مەبەستی فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (240) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.
