ئاسایشی هەولێر نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژی دەستگیرکرد
ئاسایشی هەولێر نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژی دەستگیرکرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ بەنیازی ئەنجامدانی خۆپیشاندان بوون لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەولێری پایتەخت.
بەپێی راگەیەندراوی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەمڕۆ شەممە (18ـی تشرینی دووەمی 2023)، لە هەولێر ئاساییشی پارتی عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر دەستگیرکردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە دەبێت بەزووترین کات ئەو مامۆستایە ئازاد بکرێت و بەپێچەوانەوە “مامۆستایانی وانەبێژ هەڵوێستیان دەبێت”.
شایەنی باسە، مامۆستا عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژە لە هەولێر و دهۆک، چەند رۆژێکە لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، سەرقاڵی ئامادەکاریی بوون بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی فراوان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەولێر، سەرئەنجام بەیانی ئەمڕۆ شەممە نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەولێر نزیک کاتژمێر 11 لە بازگەی ناحیەی کەڵەک لە نێوان هەولێر و دهۆک دەستگیرکرا، تا ئێستاش بێ سەروشوێنە.
