ئاسایشی هەولێر:چەند تۆمەتبارێک هەستابون بە تێکەڵکردنی رەنگی سەوز لەگەڵ زەیتی ئاسایی و وەک زەیتی زەیتونی سروشتی فرۆشتبویان.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تیمەکانی بەدواداچون بۆ خۆراکی خراپ بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی ئاسایش لە هەولێر دەستیانگرت بەسەر کۆگایەکی زەیتی زەیتونی ساختە، چەند تۆمەتبارێک هەستابون بە تێکەڵکردنی رەنگی سەوز لەگەڵ زەیتی ئاسایی و وەک زەیتی زەیتونی سروشتی فرۆشتبویان.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن تیمەكانی بەدواداچون بۆ خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و كوالێتی كۆنترۆڵ، دەستیان گرت بەسەر کۆگایەکی (ڕۆنی زەیتی زەیتون)ی ساختە و بێ مۆڵەت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەم کۆگایەدا رۆنی زەیتی ئاسایی هاوردەکراوە و بە رێگایەکی ساختە و بە بەکارهێنانی ڕەنگی سەوز، ڕەنگی زەیتەکەیان گۆڕیوە و کردویانە بە زەیتی زەیتونی سروشتی و لە تەنەکەی تایبەت کراوە و لۆگۆی ساختەی پێوە کراوە، کە گوایە زەیتی زەیتونی سروشتییە، بەنیازبون لە بازاڕەکاندا بە زەیتی زەیتون و بە نرخێکی گران بیفرۆشنەوە بە هاوڵاتییان.
لە راگەیەنراوی ئاسایشی هەولێر ئەوەشخراوەتەڕو، بۆیە تیمەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر کۆگاکە و سەرجەم کەلوپەلەکاندا گرت و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی لەو کۆگایە کاریانکردوە گیرایەبەر.
