ئاسایشی ڕاپەڕین دەستبەسەر بڕی چوار کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر دەگرن
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان توانیان دەستبەسەربڕی چوار کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر و 750 دەنك حەبدا بگرن و دو بازرگان دەستگیربکەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شەوی 13ـی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەخت و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، دوبازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە میانەی ئۆپەراسیۆنەی ئاسایشدا تواندراوە دەستبەسەر بڕی چوار کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری (کریستاڵ) و بڕی 750 دەنک حەبی ترامادۆڵ بگرن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بەماددەی 26 لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.
