ئه‌ردۆغان بۆ پزیشكیان: توركیا ئاماده‌ی نێوه‌ندگیرییه له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران رایگه‌یاند، توركیا ئاماده‌ی نێوده‌نگیرییه له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكا.
سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا گفتوگۆیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییه‌كان و گرژییه سه‌ربازییه‌كان له‌ناوچه‌كه كردوه.
ئاماژه به‌وه‌شدراوه، له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، هه‌ردولا جه‌ختیان له گرنگی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و پاراستنی سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه كردوه.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، ئه‌ردۆغان له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا رایگه‌یاند، توركیا ئاماده‌یه له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، رۆڵی نێوه‌ندگیر له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكادا بگێڕێت.
ئه‌ردۆغان وتوشیه‌تی، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كه له ئێستادا به‌سه‌ردانێك له توركیایه، كۆده‌بێته‌وه.
