ئۆتۆمبێلێك له‌سه‌ر رێگای سلێمانی-دوكان به درۆن كرايه ئامانج
تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئه‌مریكی ئاشكرایكرد، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له‌سه‌ر رێگای سلێمانی-دوكان گڕی گرت، به درۆن كراوه‌ته ئامانج و له ئاكامدا كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستداوه‌و كه‌سێكی دیكه‌ش برینداربوه كه هه‌ردوكیان هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئێرانین.
كامه‌ران عوسمان، ئه‌ندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئه‌مریكی له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، کاتژمێر ٧:٤٠ خولەکی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (لاندکرۆزەر - ژمارە سلێمانی – گولـلە نەبڕ) لەسەر ڕێگای نێوان دوکان بۆ سلێمانی، بەرامبەر گوندی حەسەن تەپە لەلایەن درۆنێکی نەناسراوەوە بە ئامانجگیرا.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، کەسێک گیانی سپارد و کەسێکی تریش بە سەختی برینداربو. قوربانییەکان هەڵگری ناسنامەی ئێرانین.
به‌گوێره‌ی زانیارییه ئۆتۆمبێله‌كه، ئۆتۆمبێلی كۆمه‌ڵه بوه كه پارتێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌و قوربانییه‌كانیش پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و حزبه‌ن.
