ئۆجەلان پەیامێك ئاڕاستەی كۆنفرانسی رۆشنگەریی شەنگال دەکات
عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامێكدا بۆ كۆنفرانسی رۆشنگەریی شەنگال رایگەیاند، گەلی ئێزی بەتەنیا نییەو ئیدی سەردەمی فەرمانەكان لەدژی ئەو گەلە كۆتایی هات.
كۆنفرانسی رۆشنگەریی شەنگال، دوێنێ پێنجشەممە، بە بەشداری زیاتر لە 150 كەس لە شەنگالی باشوری كوردستان دەستی بە كارەكانی كردو بڕیارە ئەمڕۆش بەردەوام بێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێكی ئاڕاستەی كۆنفرانسەكە كردو تێیدا رایگەیاند، مافی سروشتی ئێزدییەکانە کە سیستەمێک بۆ خۆیان بنیات بنێن، تا بتوانن بە ئازادی، بە ناسنامە و باوەڕی خۆیانەوە بژین. دەوڵەتە زۆردارەکان و زیهنیەتە نەتەوەپەرستە تەنگەکان، دان بەم مافەدا نانێن. ئەمە، لەسەر بنەمای یەکسانی، خوشک و برایەتیی گەلان، بە سیستەمێک کە بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، ڕێی تێ دەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هەموان بزانن، گەلی ئێزدی تەنیا نییە. سەرباری ئازاری 73 فەرمانەکە، بە بەرخۆدان خۆیان گەیاندە ئەمڕۆ. بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە ئێمە بەرەوپێشی دەبەین، ئیتر فەرمان بەسەر ئەواندا نایەت. ئیتر سەردەمی فەرمان کۆتایی هات. هەبونی ئەوان، بۆ هەمو کەسێک کە خوازیاری ئاشتی و خوشک و برایەتییە لەم جوگرافیایە، مەسەلەی شەرەف و شکۆیە.
دەقی پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ كۆنفرانسی رۆشنگەریی شەنگال:
پێش هەمو شتێک، بە ناوی هاوڕێیانی ئێرەوە، سڵاوتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانتان دەخوازم.
مێژو تەنیا گێڕانەوەی ڕابردو نییە؛ ئازارەکان و بەرخۆدان و حەقیقەتیش لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێت. گەلی ئێزدی، پایەیەکی دێرین و شکۆداری ئەم حەقیقەتەیە. ئێزدییەکان کە خاوەنی باوەڕێکی هەرە دێرینی میزۆپۆتامیان، هەزاران ساڵە لەبەرانبەر فشار و ئاوارەکردنی زۆرەملێ و پەراوێزخستندا، هەبونی خۆیان پاراستوە.
ئێزدێتی، لە باوەڕ و نەریتێک واوەترە. ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ سروشت و پیرۆزڕاگرتنی ژینگە بەبنەما دەگرێت. هەر بۆیە، سیستەمە زۆردارەکان هەردەم ئێزدییەکانیان وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆیان بینیوە. ئێزدییەکان، شوێنەواری ژیانی ئازاد و یەکسانیان تا ئەمڕۆ هێناوە.
ئەو دەمەی ڕوبەڕوی ستەمی مەزن بونەوە، ئێزدییەکان پاشەکشەیان نەکرد؛ پەنایان بردە بەر چیاکانی کوردستان، گرێدراوبون بە مێژوی خۆیان و باوەڕی ئازادییەوە. هەوڵدرا باوەڕ و زمانەکەیان قەدەغە بکرێت، بەڵام ئەوان کەلتوی خۆیان پاراست. وەختێک هەوڵی لەناوبردنیان درا، سەرلەنوێ لە خۆڵەمێشی خۆیانەوە لەدایکبونەوە.
ژنانی ئێزدی پێشەنگی سەرەکیی ئەم تێکۆشانەن. بونە ئامانجی هێرشی توند، وەلێ هەرگیز سەریان نەوی نەکرد. بە بەرخۆدانیان لە شەنگال، سەرلەنوێ هیوای ژیانێکی شکۆداریان بۆ خۆیان و هەمو گەلان خستە سەر پێ.
تێکۆشانی ئەمڕۆی ئێزدییەکان، بۆ هەمومان ڕێنیشاندەرە. دەنگی ئەوان، دەنگی هەمو ئازادیخوازێکە. بۆیە، پاراستنی گەلی ئێزدی لەسەر بنەمای پاراستنی جەوهەری، خاوەندارییە لە ویژدانی مرۆڤایەتی.
مافی سروشتی ئێزدییەکانە کە سیستەمێک بۆ خۆیان بنیات بنێن، تا بتوانن بە ئازادی، بە ناسنامە و باوەڕی خۆیانەوە بژین. دەوڵەتە زۆردارەکان و زیهنیەتە نەتەوەپەرستە تەنگەکان، دان بەم مافەدا نانێن. ئەمە، لەسەر بنەمای یەکسانی، خوشک و برایەتیی گەلان، بە سیستەمێک کە بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، ڕێی تێ دەچێت.
پێویستە هەموان بزانن، گەلی ئێزدی تەنیا نییە. سەرباری ئازاری 73 فەرمانەکە، بە بەرخۆدان خۆیان گەیاندە ئەمڕۆ. بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە ئێمە بەرەوپێشی دەبەین، ئیتر فەرمان بەسەر ئەواندا نایەت. ئیتر سەردەمی فەرمان کۆتایی هات. هەبونی ئەوان، بۆ هەمو کەسێک کە خوازیاری ئاشتی و خوشک و برایەتییە لەم جوگرافیایە، مەسەلەی شەرەف و شکۆیە.
