ئۆپۆزسیۆنی سووریا ناوەندی پارێزگایەکی تری سووریا کۆنترۆلکرد
ناوەندی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی سووریاوە دەست کەوتووە، ناوەندی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا کە زۆربەی دانیشتوانی لە ئاینی دورزین، کەوتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی نیشتەجێی شارەکە.
وێنە گەورەکە ئەوەیە: ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا هێرشی کردەسەر شارەکانی حەلەب و ئیدلب لەباکووری سووریا و بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستیان بەسەر تەواوی شاری حەلەبدا گرا، پاش ئەوەی دەستیان بەسەر تەواوی گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبدا لە باکووری سووریا گرت و هەروەها دەستیان بەسەر شاری سەراقب دا گرت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لەدوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیان، دواجار دوێنێ شەممە زۆرینەی شاری حەلەبی کۆنترۆڵکرد.
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، فەرهاد شامی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ڕووناهی گوتوویەتی: بەچڕی چاودێری دۆخی حەلەب دەکەین، ئەم هێرشانە و توندوتیژیەی حەلەب لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
فەرهاد شامی لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە لەو توندوتیژیانە وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی گەل و خاکەکەمانە و لەکاتی پێویستدا هەڵوێستمان دەبێت و وەڵام دەدەینەوە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پاراستنی سەقامگیری لە ئیدلب و ناوچە سنوورەکانمان، وەک ئەولەویەتێک بۆ تورکیا دەمێنێتەوە.
دواجار ڕۆژی شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، روانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا (ئەحرار ئەلشام - جولانی) کە بەشێکیان لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت شاری حەلەب-یان گرتووە و سوپای سووریا لە تەواوی شارەکە کشاوەتەوە.
