ئیشراق کانوون: ئاو پرسێکی ئاسایشی نەتەوەییە و ٧١٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکان هەڕەشەی بەبیابانبوونیان لەسەرە
ئەمڕۆ چوارشەممە، باسم غەرابی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیشراق کانوون، جەختیکردەوە: دۆسیەی ئاو بووەتە پرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی، و ئاماژەی بەوەشکرد: ٧١٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکان هەڕەشەی بەبیابانبوونیان لەسەرە.
غەرابی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە بەشداری ژمارەیەک پەرلەمانتار سازی کرد و کەئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "دە مەترسی ڕووبەڕووی واقیعی ئەمنی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و تەندروستی عێراق دەبنەوە، ئەمەش دەخوازێت هۆشیارییەکی ژینگەیی لە ناو پەرلەماندا هەبێت، چونکە مەترسییەکی گەورە لە عێراق نزیکبووەتەوە."
زیاتر وتی: "مەترسییەکی بوونی هەیە دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیفلاسی ئاوی جیهانیی ڕاگەیاند"، ڕوونیشیکردەوە: "عێراق کەوتووەتە ناو کورتهێنانی ئاو بەهۆی دابەزینی ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە ساڵانی ڕابردوودا"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئاو بووەتە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی، هەروەها پیسبوونی ئاو بەهۆی خەستی ماددە ژەهراوییەکانە، بەوپێیەی پشکنینەکان بوونی ماددەی کیمیایی و بەنزینیان لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتدا دەرخستووە بەپێی پشکنینی توێژەران."
راشیگەیاند: "نیشاندەرەکانی پیسبوونی هەوا گەیشتوونەتە ٣٠١"، باسی لەوەشکرد: "دوایین ئامارەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەر ١٠٠ هەزار کەسێک ١٥ کەس دەمرن، واتە ساڵانە ٦٩ هەزار عێراقی بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەین، لەسەر ئاستی جیهانیش ٨ ملیۆن کەس بەهۆی هەواوە دەمرن، کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە دوای نەخۆشی پەستانی خوێن."
ڕوونیشیکردەوە: "بەپێی ژمارەکان ٤٠٪ی عێراق بووەتە بیابان، و ٧١٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکان هەڕەشەی بەبیابانبوونیان لەسەرە، هەروەها ڕێژەی دارستانەکانیش تەنها ٢٪ی ماوەتەوە."
باسی لەوەشکرد: "گەردەلوولە خۆڵاوییەکان چەکێکی کەشوهەوای تێپەڕێنەری سنوورەکانن"، وتیشیی: "٣ هەزار حاڵەتی خنکان بەهۆی گەردەلوولە خۆڵاوییەکانەوە تۆمارکراون، جگە لە پەکخستنی ئابووری، قوتابخانەکان، فڕۆکەخانەکان و ئەوانی تر."
ئاشكراشیكرد: "کۆچی کەشوهەوایی هەیە بەهۆی وشکەساڵی و ئاوارەبوونی هەزاران کەس، هەروەها بێکاری و تێکچوونی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، جگە لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا"، و وتیشی: "عێراق لە نێوان پێنج وڵاتی یەکەمی جیهاندایە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە."
لە کۆتاییدا وتی: "هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئابووری خۆی لە هەوڵی وڵاتانی پیشەسازی دەبینێتەوە بۆ دژایەتیکردنی سووتەمەنی بەردین"، ڕوونیشیکردەوە: "عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە سووتەمەنی دەبەستێت و کەس نییە بەرگری لێ بکات، هەروەها شکست لە بەڕێوەبردندا هەیە، و دەستەواژەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەموو یاساکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا بوونی نییە، ئەمەش وا دەخوازێت کە پێویستە لیژنەیەکی ژینگەیی سەربەخۆ لە ناو پەرلەماندا هەبێت."
