ئیمانوێل ماکرۆن پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایکبوونی فەیروز دەکات
سەرۆکی فەڕەنسا, ئیمانوێل ماکرۆن بە زمانی عەرەبی و فەڕەنسی پیرۆزبایی لە 90 ساڵەی لەدایکبوونی هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوبانگی لوبنان و عەرەب فەیروز کرد.
ئیمانوێل ماکرۆن لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیامێکی پیرۆزبایی نووسی و وێنەیەکی خۆی لەگەڵ فەیروز بڵاوکرد کە لە کاتی سەردانەکەی بۆ لوبنان لە 31ـی ئابی 2020 لە ماڵەکەی فەیروز لە ناوچەی ڕابیە گیراوە و لەوێ مەدالیای "شەرەف" پلەی سوارچاکی بە فەیروز بەخشی کە بە بەرزترین خەڵات دادەنرێت لە فەڕەنسا.
سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لەو یادەدا نووسیویەتی: "دەنگی فەیروز بەردەوامە لە دڵی لوبنان و فەلەستینییەکان کە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن، هەروەها شکۆمەندی ئەم ناوچەیە بەرجەستە دەکات، هیوای سەد ساڵ".
وێنەکە لە لوبنان و جیهانی عەرەبی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، فەیروز کە ناوی ڕاستەقینەی نیهاد حەدادە لە 20ـی تشرینی دووەمی 1934 لەدایک بووە نەک 21 تشرینی دووەم وەک باس دەکرێت و ئەم زانیارییە لەلایەن ڕیما-ی کچیەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
فەیروز بە سیمبولی یەکێتیی لوبنان دادەنرێت
نیهاد رزق وەدیع حەداد ناسراو بە فەیروز، لە 21ـی تشرینی دووەمی 1934 لەدایکبووە، گۆرانیبێژێکی لوبنانییە، لە بەیرووت لەدایکبووە و لەگەڵ هاوسەری کۆچکردووی (عاسی ڕەحبانی) و براکەی (مەنسوڕ ڕەحبانی) کە ناسراون بە (برایانی ڕەحبانی) چەندەها ئۆپێرا و گۆرانییان پێشکەشکردووە کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 800 گۆرانی، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی گووتن کردووە کاتێک لە ساڵی 1940ەوە پەیوەندی کردووە بە کۆڕاڵی ڕادیۆی لوبنانی وە کاتێک حەلیم ڕۆمی چاوی پێیدەکەوێت نازناوی فەیروزی پێدەدات و ئاوازی چەند گۆرانییەکی بۆ دادەنێت دوای ئەوەی بەهرەیەکی زۆری لەودا بەدیکرد، وە پێشوازییەکی زۆری لێکرا لە جیهانی هونەری عەرەبیدا.
فەیروز لە کۆنترین هونەرمەندەکانی جیهانە کە لە ژیانە و لە بەناوبانگترین دەنگە عەرەبییەکانە و چەندین خەڵاتی جیهانیشی بەدەست هێناوە، دەنگی فەیروز بەوە جیادەکرێتەوە کە شیرینە و ئارامی دەبەخشێت بە گوێگر، گۆرانییەکانیشی بەوە جیادەکرێنەوە کە کورتن و خاوەن مانایەکی قوڵن، خەڵکی بەزۆری لە بەیانیاندا گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرن، هەروەک بە گۆرانیبێژی بەیانیان ناسراوە.
