ئێران سەرکۆنەی دەستێوەردانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و بە دووبەرەکی ناوی دەبات
باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداد دەستێوەردانی ئەمریكای لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ئێران و عێراق ئیدانە دەکات ز بە دووبەرەکی ناوی دەبات.
باڵیۆزخانەكە لە بەیاننامەیەكدا، کەدەستی موتەڵع کەوتووە رایگەیاند: لێدوانەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە دژایەتیكردنی واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ هاوكاری نێوان ئێران و عێراق، بەڵگەی بەردەوامی هەوڵەكانی بڕیاردەرانی ئەمریكایە بۆ وروژاندنی ناتەبایی نێوان وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامی.
لە وەڵامی هەڵوێستی دەستێوەردانانەی ئەمریكا دوای واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئەمنی ئێران و عێراق، باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەئكیدیكردەوە، لە ئیرادەی هاوبەشی ئێران و عێراق بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و ئیسلامی لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و ڕێزگرتنی یەكتر، ئەمەش گەرەنتی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشە لەسەر سنورە هاوبەشەكانیان و لە ناوچەكەدا.
وتیشی: لێدوانەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە دژایەتیكردنی واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئێران و عێراق بۆ هاوكاریكردن بۆ بەرزكردنەوەی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستوەردانێكی قبوڵنەكراو لە پەیوەندییەكانی نێوان دوو دەوڵەتی دراوسێ و سەربەخۆ پێكدەهێنێت، بەڵگەیەكی ڕوونن لەسەر ڕێبازی ناسەقامگیركەری ئەمریكا بەرامبەر بە وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها بەڵگەی بەردەوامی هەوڵەكانی بڕیاردەرانی ئەمریكا بۆ چاندنی دووبەرەكی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامیدا.
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا جەختیكردەوە: ئەم جۆرە هەڵوێستە دەستێوەردانانە پێشێلكردنی بنەماكانی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكانە كە لەسەر بنەمای هاوكاری نێوان دەوڵەتان دامەزراوە.
پێشتر، تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە كاردانەوە بە واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن سەبارەت بە هاوكارییەكانی نێوان ئێران و عێراق، وتی: ئەمریكا پشتیوانی لە سەروەری ڕاستەقینەی عێراق دەكات، نەك یاساگەلێك كە بیكاتە دەوڵەتێكی پاشكۆی ئێران.
