ئێران هێرشی کردە سەر چوار پارتی ڕۆژهەڵات لە کوردستان
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ،سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر چوار بارەگا و کامپی پارتە بەرهەڵستکارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر حەوت و ۳۰ خولەک تا هەشت و ۱۰ خولەکی ئێوارە، مووشەکێک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بەر بارەگای پارتەکانی کۆمەڵە لە گوندی زڕگوێزەڵەی سەر بە شارەدێی تانجەڕۆ لە پارێزگای سلێمانی کەوتوون، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا تەنها یەک بریندار هەبووە، بەڵام زیانی ماددی بەر باڵەخانەکان گەیشتووە.
هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە ئاراستەی کامپی “زەوییە سپی”ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرابوو، پێش پێکانی ئامانجەکەی تەقێندرایەوە، ژمارەیەک مووشەکیش کە ئاراستەی بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان “پاک” لە شارەدێی پردێ کرابوون، خرانە خوارەوە و نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن.
