ئێران پرۆسەیەکی فراوانی لە ناوچەکەدا دەستپێکردووە بە مەبەستی لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕۆژی هەینی ئاشکرای کرد کە ئێران پرۆسەیەکی دیپلۆماسی فراوان لە ناوچەکەدا دەستپێکردووە بە مەبەستی لاوازکردن و لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی. سەرچاوەکە بە ئاژانسی "المطلع"ی ڕاگەیاند، "هەفتەی ڕابردوو شاندێکی باڵای سیاسی و ئەمنی سەردانی شاری هەولێریان کرد لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییەکانی شارەکە کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشکەوتنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەولێر و تاران".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "شاندەکە ژمارەیەک دۆسیەی هەبوو، گرنگترینیان لاوازکردن و ڕووخاندنی ئەو لایەنانەیە کە دژایەتی ئێران دەکەن کە بنکەیان لە هەرێمی کوردستانە".
سەرچاوەکە وتیشی، "دەسەڵاتدارانی ئێران پرۆسەیەکی دیپلۆماسی فراوان لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدەن، هاوکات لەگەڵ دانوستانەکانی ئێران و ئەوروپا و ڕۆژئاوا لە قەتەر و عومان، بە ئامانجی لاوازکردن و کۆتاییهێنان بە بوونی گروپە دژەکان لە عێراق و وڵاتانی جۆراوجۆری ڕۆژئاوا".
لە هەمان کاتدا، هەفتەی ڕابردوو گروپی ئۆپۆزسیۆنی موجاهیدی خەلق لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەلبانیاوە لە بارەگای سەرەکی گروپەکە لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا هێرشیان کرایە سەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی گروپەکە کوژران و بریندار بوون، لەلایەکی ترەوە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە پێکدادانی چەکداری لە پارێزگای سلێمانی لەنێوان دوو باڵی کۆمەڵە ڕوویدا، " کۆمەڵی شۆڕشگێڕانی کوردستان" و "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان" و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە کوژران.
پەیامنێری "المطلع" ڕایگەیاند، "ئەو پێکدادانانە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی دوو کەسی دیکە لە هەردوو لا، لە هەمان کاتدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە پارێزگای سلێمانی کەوتە خوارەوە".
شایەنی باسە کە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات بنکەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی ناوچەکانی پێنجوێن و کۆیە و ڕانیە و ڕاپەرین، کە زۆربەیان دەکەونە سلێمانی و هەولێر.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند کە دوو ئەندامی هێزەکانی پێشمەرگە لە هێرشێکدا لەلایەن چەکدارانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی کوژراون.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی ڕاهێنان و کەمپەکان و بە چەکی قەناس تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و بەداخەوە تا ئێستا دوو هێزی پێشمەرگە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی کوژراون".
