ئەحمەد شەرع هۆشداری لە شکستی پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە دەدات
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا هۆشداریدا کە شکستی پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا پێش کۆتایی ئەمساڵ، ڕەنگە تورکیا ناچار بکات بە جوڵەی سەربازی، و جەختی کردەوە کە "هەندێک گروپی لەناو هەسەدە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان".
ئەحمەد شەرع، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "میللەت"ی توركیا ڕایگەیاند، داواکارییەکانی هەسەدەی پەیوەندیدار بە لامەرکەزییەت ڕەتدەكەینەوە و کە یاسای ژمارە 107ی سوریا لە بنەڕەتدا 90%ی لامەرکەزییەتی کارگێڕی گەرەنتی دەکات، داواكەی هەسەدە "تەنها پەردەیەکە بۆ مەیلی جیابونەوە".
شەرع باسی لەیەکەم دیداری خۆی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە كردوە و پێ وتوە، "ئەگەر هاتبیت بۆ داواکردنی مافەکانی کورد، پێویست ناکات، چونکە باوەڕم بەوەیە كە ئەوەیە کە کورد هاوڵاتیی یەکسانی سوریان و من زیاتر لە تۆ دڵسۆزی مافەکانیانم".
ئەوەشیخستەڕو، ڕێککەوتنی 10ی ئازار بۆ یەکەمجار ڕێچکەیەکی چارەسەری دروست کرد کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریكا و تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرا، بەڵام هەندێک گروپ لەناو "هەسەدە" و پەکەکە هەوڵیاندا ڕێگری لێ بکەن.
شەرع باسی لەوەشكرد، هەسەدە کە بانگهێشتی عەبدوڵا ئۆجەلانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی پشتگوێ خست، بوەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لە تورکیا و عێراقدا.
وتیشی، "ئەنقەرە پێشتر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی هەسەدە خۆی بەدور گرتوە و وەڵامی هەوڵەکانی سوریای داوەتەوە، بەڵام ڕەنگە تورکیا لەگەڵ کۆتایی ساڵدا لە توانایدا نەمێنێت ئارام بگرێت ئەگەر یەکخستنەکە بەدی نەیەت".
