ئەعرەجی و عامری دوایین پێشهاتەکانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، لەگەڵ هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراقی تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی لەگەڵ هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کۆبووەوە. ئەعرەجی و عامری باسیان لە دۆخی گشتی وڵات کرد، هەروەها دوایین پێشهاتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییان خستەڕوو".
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی حکومەتی عێراق کراوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو"، جەخت لەسەر پێویستی لێکتێگەیشتنی سیاسی لەنێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان کە نوێنەرایەتی گەلی عێراق دەکەن، کە قۆناغێکی سیاسی سەقامگیرتر دادەمەزرێنێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و وڵاتەکەی دەبێت.
ئەعرەجی جەختی لەوە کردووەتەوە، بەگوێرەی بەیاننامەکە، "دیموکراسی تاکە ڕێگایە بۆ پێشخستنی وڵات، و پێویستە لە ڕێگەی هەوڵی یەکگرتووی ئەو هێزە سیاسییانەی کە ئەرکی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ئەستۆ دەگرن، پابەندبن بە پرەنسیپەکانیەوە، لە پێناو چەسپاندنی پرەنسیپی ئازادی و هەڵبژاردنی ئازادی جەماوەری".
