ئەعرەجی و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گرنگی ڕۆڵی سەرەکی عێراق لە ناوچەکەدا دووپات دەکەنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە ئەمریکا لە بەغدا، باڵیۆز دانیال ڕوبینشتاین، گرنگی ڕۆڵی سەرەکی عێراقیان لە ناوچەکەدا دووپاتکردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کەدەست موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە کە "ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، باڵیۆز دانیال ڕوبینشتاین، کردووە".
ڕوونیشیکردەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، هەروەها تاوتوێی بەردەوامی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کرا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بوارەکانی دیکە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکەن".
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەرانەی عێراق کرایەوە لە ناوچەکە و گرنگییەکەی لە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی”.
