ئەفسەرێکی کۆماندۆی کوردستان لە ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ گرووپێکی قاچاخچی گیانی لەدەستدا
فەرماندەیی هێزەکانى کۆماندۆى کوردستان گیان لەدەستدانى ئەفسەرێکی کۆماندۆى ڕاگەیاند، کە لەکاتى ڕووبەڕووبونەوەى هێزەکانى کۆماندۆ و چەند قاچاخچیەکى شوێنەران لە گەرمیان گیانى لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمرۆ پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024)، فەرماندەیی هێزەکانى کۆماندۆى کوردستان بڵاویکردەوە، دوای بەدەستهێنانی زانیاری وردی هەواڵگری لەسەر باندێكی قاچاخچێتی چەک و شوێنەوار لە گەرمیان، درەنگانی شەوی ڕابردوو 25ـی نیسانی 2024 تیمێكی هێزەكانمان لە ناوچەی ساڵح ئاغا - ناحییەی قۆرەتوو، لە سەعات 12:38 خولەک بۆسەیەكیان بۆ ئەو باندە دانا، كە بەنیازبوون ژمارەیەک چەک و پارچە شوێنەوار ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووەش، لەكاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان ڕووبەڕووبونەوە لەنێوان هێزەكەمان و ئەو تۆمەتبارانە ڕوویدا و پێشمەرگەیەکى كۆماندۆ بەناوی ئەیوب مەحەممەد عەلی شەهید بوو.
هەروەها ئەوەش خرایەڕوو، لەو ڕووبەڕووبونەوەیەدا دەستیان بەسەر چەند پارچە شوێنەوار و دوو ئۆتۆمبێل و ئەو چەكانەشدا گرت، كە باندەكە بەنیازبوون ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بكەن، هاوكات یەكێک لە تۆمەتباران لە ڕووبەڕووبونەوەكەدا كوژرا و یەكێكی دیكەیان دەستگیركرا و تۆمەتبارێكی دیكەش هەڵهات.
