ئەمانەتی بەغدا ئاماری پڕۆسەکانی سنووردارکردنی سەگی بێلانە ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمانەتی بەغدا، ئامارێکی گشتگیری پڕۆسەکانی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانەی لە پایتەخت لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕاگەیاند، و دووپاتی کردەوە کە زیاتر لە 19 هەزار سەگ لە ڕێگەی زنجیرە هەڵمەتێکی چڕەوە لەناو براون.
عودەی جەندیل، وتەبێژی ئەمانەتی بەغدا بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "فەرمانگە شارەوانییەکان (1562) هەڵمەتیان لە یەکی کانوونی دووەمی ڕابردووەوە تاوەکو 30ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی لەناوبردنی (19.386) سەگی بێلانە لە ناوچە جیاجیاکانی پایتەخت."
جەندیل ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمانەتی بەغدا لەم پڕۆسانەدا بەردەوامە لە ڕێگەی هەموو پێکهاتە شارەوانییەکان و بە هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی ڤێتێرنەری،" ڕوونیشیکردەوە کە "ئەمانەتی بەغدا ئەرکی دابینکردن و کڕینی فیشەکی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی هەڵمەتەکان گرتووەتە ئەستۆ، و داواش لە وەزارەتی ناوخۆ کراوە بۆ دیاریکردنی نیشانەشکێنی شارەزا، و فەرمانگەی ڤێتێرنەریش بۆ گەرەنتی کردنی ئامادەبوونی نوێنەرێکیان لە کاتی جێبەجێکردندا."
دووپاتیشی کردەوە کە "بەشەکانی ژینگە و پاشماوە ڕەقەکان لە هەموو فەرمانگە شارەوانییەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەردەوامن لە ئەرکەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ژمارە ڕوو لە زیادبووەکانی سەگی بێلانە،" باسی لەوەش کرد کە "پڕۆسەکە ڕێکاری تەندروستی و ژینگەیی بەدوادادێت، بەو پێیەی سەگە تۆپیوەکان لادەبرێن و دەگوازرێنەوە بۆ ئەوەی لە شوێنە تایبەتەکانی ژێرخاککردنی تەندروستی لە ناوچەکانی (نەباعی) و (نەهرەوان) ژێرخاک بکرێن."
