ئەمریكا پابەندبوونی خۆی بە پشتیوانیكردنی هەسەدەو بەردەوامیان لە كاری هاوبەش لە دژی تیرۆر پشتڕاستدەکاتەوە
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئەدمیرال براد كوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا(سێنتكۆم) كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە، پێشهاتەكانی گفتوگۆی نێوان هەسەدەو دیمەشق.
ئاژانسی هاوارنیوز، نزیك لە هەسەدە، بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لەگەڵ ئەدمیراڵ براد كوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا كە بە سەردانێك لە رۆژئاوای كوردستانە، كۆبوەتەوە.
بەپێی ئاژانسەكە، لە كۆبونەوەكەدا، ئەدمیراڵ براد كوپەر جەختی لە پابەندبونی ئەمریكا بۆ پشتیوانیكردنی هەسەدەو بەردەوامیان لە كاری هاوبەش لە دژی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی كەمپەكان و زیندانیانی داعش كردۆتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانی گفتوگۆی نێوان هەسەدەو دیمەشق كراوەو مەزڵوم عەبدی جەختی لەوە كردۆتەوە كە ئەوان پابەندن بە بەردەوامی پڕۆسەی دانوستان و جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكەی 10ی ئازار.
بەپێی ئاژانسی هاوار نیوز، لە كۆبونەوەكەدا مەزڵوم عەبدی باسی لەوە كردوە كە پێویستە دیمەشق هانبدرێت بۆ بەردەوامبون لەسەر دانوستان و هەڵنانی هەندێك هەنگاو بۆ دروستكردنی متمانە.
