ئەمریكا: پابەندین بە پشتیوانیكردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا(سێنتكۆم) رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان هاوپەیمان و هاوبەشێكی سەرەكی ئەمریكایە لە ناوچەكەو ئێمەش پابەندین بە پشتیوانیكردنی ئاسایش و سەقامگیریی هاوپەیمانەكانمان.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا(سێنتكۆم)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، راگەیەندراوێكی لەبارەی سەردانەكەی رۆژی سێشەممەی ئەدمیراڵ براد كوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا بۆ هەولێر و كۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڵاوكردۆتەوە.
وەك سینتكۆم ئاماژەی پێداوە، سەردانەكەی ئەدمیرال براد كوپەر بۆ هەولێر لەچوارچێوەی گەشتێكیدا بوە بۆ بەسەركردنەوەی ناوچەكانی بەرپرسیارێتی سێنتكۆم كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و بەشێك لە باشوری ئاسیا لەخۆدەگرێت.
سێنتكۆم هێمای بۆ ئەوە كردوە، لە كۆبونەوەكانیاندا، ئەدمیراڵ براد كوپەر و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە، شەڕ دژبە داعش كردوە جەختیان لە گرنگی پشتیوانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كردۆتەوە.
سێنتكۆم وتوشیەتی، ئەدمیراڵ براد كوپەر باسی لە رۆڵی هەرێمی كوردستان كردوەو ئاماژەی بەوەداوە كە هەرێمی كوردستان "هاوپەیمان و هاوبەشێكی سەرەكی ئەمریكایە لەم ناوچەیەو ئێمەش پابەندین بە پشتیوانیكردنی ئاسایش و سەقامگیری هاوپەیمانەكانمان لێرە."
