ئەمریکا و مالیزیا ڕێککەوتنێکی بازرگانی واژۆ دەکەن
"دۆناڵد ترامپ" سەرۆکی ئەمریکا و "ئەنوەر ئیبراهیم" سەرۆک وەزیرانی مالیزیا،ڕێککەوتنێکی بازرگانییان واژۆ کرد کە دەستڕاگەیشتنی ئەمریکا بە کانزا دەگمەنەکان زیاتر دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ،بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "فرانس پرێس" پەکین سنووردارکردنی بەرفراوانی لەسەر کەرتی کانزا دەگمەنەکان ڕاگەیاند، ئەمەش وای لە ترامپ کرد هەڕەشەی سەپاندنی گومرگی 100% لەسەر هاوردەکانی چین بکات وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەنگاوە.
ترامپ لە چوارچێوەی لوتکەی کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) سەردانی کوالالومپور دەکات، پێش کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو، ڕۆژی پێنجشەممە، لەگەڵ "شی جین پینگ" سەرۆکی چین.
بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکەی ئەمریکا و مالیزیا،کوالالومپور "پابەند دەبێت بە خۆبەدوورگرتن لە قەدەغەکردن یان سەپاندنی بڕیار لەسەر هەناردەکردنی کانزا گرنگەکان بۆ ئەمریکا،لەکاتێکدا واشنتۆن ڕازی بوو بە سەپاندنی گومرگی 19% لەسەر کاڵا مالیزیاکان.
مالیزیا هەروەها بەڵێنی دا کە پەرەپێدانی کەرتی کانزا دەگمەنەکان خێراتر بکات بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، لەوانەش درێژکردنەوەی مۆڵەتەکانی کارکردن بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان.
هاوکات "جەیمیسن گریر" نوێنەری بازرگانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکە وەبەرهێنان و بازرگانی لە کانزا دەگمەنەکاندا "تا بکرێت ئازاد و تا بکرێت نەرم دەکات، ئاماژەی بەوەشدا کە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە خاوەندارێتی ئەم کانزا گرنگانە بۆ پیشەسازی و تەکنەلۆجیا و ئابووریمان گرنگە.
وتیشی: زۆر گرنگە کە وەک دوو هاوبەشی ئارەزوومەند هاوکاری یەکتر بکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە زنجیرەی دابینکردنی بێ کێشەمان هەبێت.
